۱۳۹۰ فروردین ۶, شنبه

راگەیاندنی کەمپەینی رزگار کردنی گیانی بەهمەن (شێرکۆ) معارفی لە ئیعدام

راگەیاندنی کەمپەینی رزگار کردنی گیانی بەهمەن (شێرکۆ) معارفی لە
ئیعدام
خەڵکی ئازادیخواز ، حیزب، سازمان و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان،
بەم شێوەیە بە ئاگاداری هەموو لایەک رادەگەیەنین، بە پێی هەواڵی لە سێدارەدانی زیندانیی سیاسی، بەهمەن معارفی ناسراو بە شێرکۆ، ئێمە، کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدەنی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، دەستمان داوەتە وەگەڕ خستنی کەمپەینێکی سەراسەری بۆ رزگار کردنی گیانی شێرکۆ معارفی.
سزای لە سێدارەدانی ئەم چالاکە سیاسییە، بە پێی دوایین هەواڵی باوەڕپێکراو، بڕیارە رۆژی 11ی بانەمەڕی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێ. ئەو چالاکی و جمووجۆڵە سەرانسەرییە گەورەی بۆ رزگار کردنی گیانی حەبیب لەتیفی ئەنجام درا، پێشانی دا کە هاوپێوەندی و یەکگرتوویی ئێمە دەتوانێ هۆکارێکی گرینگ بێ بۆ سەرکەوتنی تێکۆشانمان. بانگهێشت و داواکاری ئێمە بۆ هەموو ئەو حیزب و رێکخراو و ئەم کەسانە کە بۆ رزگار کردنی گیانی شێرکۆ معارفی بە پەرۆشن ئەوەیە کە، بە پەیوەست بوونیان بەم کەمپەینە لە راستای کۆکردنەوە و بردنە سەری هێزەکانی بەشدار لەم جموجۆڵە مرۆییە هەنگاو بنێن و بەو شێوەیە ببنە هۆی وەگەڕ خستنی کەمپەینێکی سەراسەری، مێژویی، بەرفراوان و لە هەمووان گرینگتر بە سوود. مەبەست لە پێکهێنانی ئەم کەمپەینەش هاودەنگی و هاوئاهەنگ کردنی چالاکییەکانە لەم بوارە دا.
لەم چوارچێوە دا بە تەماین چالاکی جۆراوجۆر وەکوو پەیوەندی گرتن بە ناوەندە جیهانییەکان، راگەیەنە گشتییەکان، داواکاری بۆ ئەنجامدانی نارەزایی سەرانسەری لە دەرەوەی وڵات و ئاگار کردنەوەی بەربڵاوتری رای گشتی لە مەترسی لە سێدارەدانی شێرکۆ بخەینە بەرنامەی کارەکانمان.
ئێمە لە راگەیەندراوەکانی دواتر، ئێوە لە دوایین هەواڵەکانی تایبەت بە بارودۆخی شێرکۆ و هەروەها رەوت و چۆنییەتی چالاکییەکانمان لەو بوارەدا ئاگار دەکەینەوە. ئەم کەمپەینە لە یەکەم هەنگاوی خۆی لاپەڕەیەکی تایبەتی لە تۆڕی فەیسبووک کردۆتەوە کە ئەمەش ئادرەسەکەیەتی:
https://www.facebook.com/home.php?sk=group_192889200748656
داوا لە هەموو ئازادیخازان دەکەین کە پەیوەست بن بەم کەمپەینەوە
بە هەوڵ و هاوکاری ئێوە هیوادارین بتوانین سزای لە سێدارەدانی شێرکۆ معارفی هەڵوەشێنینەوە
کەمپەینی رزگار کردنی بەهمەن (شێرکۆ) معارفی
6ی خاکەلێوەی 1390
ئادرەسی پێوەندی گرتن
Free.shirko@gmail.com

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر